لە میانەی گەشتێكی زانستیاندا، كاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 2025.5.5، قوتابیان و مامۆستایانی ئازیزی (بەشی فیزیا) ی (كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە) بەسەرپەرشتی رێزدار (د. بێستون ئەنوەر) سەرۆكی (بەشی فیزیا – كۆلێژی پەروەدەی شەقڵاوە) سەردانی (كۆلێژی زانست / بەشی فیزیا) یان كرد.
دوای پێشوازیكردن و بەخێرهێنانیان لەلایەن رێزدار، پرۆفیسۆری یاریدەدەر (د. محەمەد عیسی حوسێن) سەرۆكی (بەشی فیزیا)ی (كۆلێژی زانست – زانكۆی سەڵاحەدین)، دەستكرا بە ئەنجامدانی چالاكییەكی زانستیی تیایدا باس لە سیفاتە فیزیا – فەلەكییە سەرنجڕاكێشەكانی خۆر كرا و ئینجا لە رێگەی هەردوو تلسكۆبی CELESTRON ED80 و بە بەكارهێنانی (فلتەری خۆر) و پاشان لە رێگەی بەركارهێنانی تلسكۆبی ناوازەی (CORONADO Hydrogen-Alpha) دەستكرا بە روانگەكردنی خۆرو بە تایبەتیش پەڵەی رەشی زەبەلاحی ناسراو بە (AR4079) و (تەقینەوە كەوانەییە پلازماییەكان و پەڵە سپییەكان) كراو تیشك خرایە سەر هۆكاری دەركەوتن و كاریگەرییەكانیان لەسەر ژیان بە گشتی و هەروەها چۆنییەتی بەرهەمێنانی خۆر بۆ وزەی رووناكی و تیشكیی و چارەنووسی داهاتووی بە پێی تیۆرە زانستییە فەلەكییە – فیزیاییەكاندا.
لە كۆتاییدا دەرگا واڵاكرا لەبەردەم قوتابیانی ئازیز بۆ ئاراستەكردنی هەر پرسیارێك دەربارەی خۆرو بوارەكانی دیكەی فەلەكناسی و پاشان تەواوی قوتابیان سوپاس و پێزانین و دەستخۆشەیان لە (بەشی فیزیا) ی كۆلێژەكەمان كرد بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییەو پێدانی ئەو زانیاریانەو داوایانكرد كەوا روانگەی شەوانەش بۆ تەنە ئاسمانییەكان بۆ قوتابیان لە ئاسمانی (شەقڵاوە) ئەنجام بدرێت.








